وەزارەتی بازرگانیی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزانەکان لە لقی بەشەخۆراکی پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بەسڕە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەنا، سەڵاحەدین، ئەنبار، بەلەد، کەربەلای پیرۆز، و نەجەفی ئەشرەف) لە رێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی کارتی بەشەخۆراکەوە کارا کراوە.

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکەدا، لە سەر زاری بەڕێز تاڵیب حەسەن نیعنەع، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون هاتووە، کە: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدا دێت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی بەشەخۆراک و ئاسانکارییکردن لە رێکارەکان بۆ هاووڵاتییان، بە بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییە هاوچەرخەکان.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرجەم لقەکانی بەغدا و لقەکانی بەشەخۆراکی پارێزگاکانی (واست، دهۆک، بابل، و دیالە) کارا کرابوو، بەمەش لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە تەواوی لقەکانی بەشەخۆراکی وڵاتدا بەردەستە.