ئەنجامی پشكنینی دی ئێن ئەی ئەو منداڵەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ون ببوو پشتڕاستی كردووەتەوە ئەو ئێسك و پرووسكەی دۆزراونەتەوە ئێسك و پرووسكی یاد سەربازە.

دوای 26رۆژ بەسەر رووداوی ونبوونی یاد سەرباز و دۆزینەوەی پاشماوەی تەرمەكەی لە گوندی كۆیلێ، ئەمرۆ ، ئەنجامی پشكنینە پزیشكییەكان ئاشكرا كران. 

بنەماڵەی یاد سەرباز رایانگەیاند، لە لایەن دادگا، ئاسایش و دامودەزگا رەسمییەكانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە بە رەسمی ئاگادار كراونەتەوە كە ئەنجامی پشكنینی دی ئێن ئەی پۆزەتیڤ بووە.

ئەم دەرەنجامە دوای 10 رۆژ لە وەرگرتنی سامپڵی ئێسكە دۆزراوەكان و خوێنی دایك و باوكی منداڵەكە راگەیەندرا، كە تێیدا پشكنینەكان سەلماندیان پاشماوەی ئەو ئێسك و پروسكە هی یاد سەرباز عەلی-یە. 

روداوی ونبوونی ئەو منداڵە لە ماوەی رابردودا دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا هەبوو و هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەش لێكۆڵینەوەكانیان بۆ ئاشكراكردنی تەواوی وردەكارییەكانی روداوەكە بەردەوامە.