میدیاكانی عیراق: 76 ملیار دینار لە باخەكەی عەلا جبوری دەستی بەسەردا گیراوە
ئاکام مستەفا
٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دەستگیرکردنی لێپرسراوانی عیراق بە تۆمەتی گەندەڵی بەردەوامە و شەوی رابردوو بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای واست دەستگیركرا و دەستەی دەستپاكی داوای رادەستكردنی دەستبەجێی دەكات.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە رێگەی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی بەغدادەوە فەرمانی رادەستكردنی بۆ عەلا سەمیر جبوری بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای واست كرد، كە لەلایەن هێزی وەڵامدانەوەی خێراوە دەستگیركراوە.
میدیاكانی عیراقش ئاشكرایانكردووە، شەوی رابردوو هێزێكی سەربە دەستەی دەستپاكی هەڵیانكوتایە سەر یەکێک لە باخچەکانی عەلا سەمیر جبوری بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای ناوەڕاست، لە ناوچەی سەقڵاوییە لە پارێزگای ئەنبار.
ئەو هەڵمەتە دوای ئەوە هاتووە، ناوبراو كە دەستەبەسەركراوە، كێڵگەكەی ئاشكرا كردووە، كە بەڵگەنامە و پارە و سەروەت و سامانی زۆری تیادا بووە، بەوتەی هەندێك سەرچاوە جگە لە بەڵگەنامە، تەنها لەو باخچەیەدا دەست بەسەر (76) ملیار دینارییشدا گیراوە.


