دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوەردانی کردووە بۆ رێگریکردن لە ئیسرائیل لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا رەخنەیەکی دەگمەن و نائاسایی ئاراستەی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی کرد.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "ئەکسیۆس" رایگەیاند کە نەتانیاهۆ "باشە"، بەڵام لە دوایاندا وتی: "دەبوو هاوسەنگییەکەی بپارێزین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک لەلایەن چاودێرانەوە لێکدرایەوە کە رەخنەیە لە شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە رڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، و متمانەی خۆشی دەربڕی بەوەی کە تەلئەبیب پابەند دەبێت بەوەی واشنتۆن داوای دەکات و وتی: ئیسرائیل منیشی خۆشدەوێت.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنێکی سەربازیی رونی بەدەستهێناوە، و پێی وابوو ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتۆن سەپاندبووی، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ناچارکردنی تاران بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.

وتیشی: بەردەوامبوونی شەڕ بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دەبووە هۆی داخرانی گەروی هورمز و پەککەوتنی پێدانی نەوتی جیهانی، ئەمەش ئابوری جیهانی بەرەو سستی و قەیران دەبرد.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا شەڕەکە سنوورەکانی هێزی ئەمریکای دەرخستووە، ترەمپ ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە و وتی: هیچ سنوورێک نییە، من هێشتا ئەم وانەیەم فێر نەبووم.

هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران بە شتێک نیشان دا کە لە "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج" نزیکە، هەرچەندە رێککەوتنەکە بە رەسمی ئەم وەسفەی تێدا نەبووە.