پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی دزینی 60 ملیۆن دینار و 38 هەزار دۆلار دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیربکەن کە بڕێکی زۆر پارەیان لە ماڵێکدا دزیبوو، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر بەشێکی زۆری پارەکە و قاڵبێک ئاڵتووندا گیراوە.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین سکاڵای تۆمارکرد، کە دزی لە ماڵەکەی کراوە و بڕی 60 ملیۆن دینار و 38 هەزار دۆلاری ئەمریکی (سێ دەفتەر و 80 گەڵا)ی لێدزراوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستپێکرد.
ئەوەشی خستەڕوو،پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، مەفرەزەکانی پۆلیس توانیان شوێنی هەردوو تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر ئەم بڕە پارە و کەلوپەلانەدا گیرا:
بڕی 28 ملیۆن و 550 هەزار دیناری عیراقی.
بڕی 27 هەزار و 600 دۆلاری ئەمریکی.
قاڵبێک زێڕ بە کێشی 100 گرام (کە تۆمەتباران بە بەشێک لە پارە دزراوەکە کڕیبوویان).
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، هەردوو تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی (م، ع، ش) و (س، ئ، م)، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا بەردەوامە.



