سی ئێن ئێن: ئێران توانای تەواوی هەیە بۆ داخستنی گەروی هورمز و کۆنترۆڵکردنی ئابوری جیهان
بڵند
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە هەڵسەنگاندنە نوێیەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئێران لەمەودوا دەتوانێت هەر کاتێک بیوێت، گەروی هورمز بە تەواوی دابخات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ئێران لە دوای جەنگی 40 رۆژەوە ئێران توانایەکی نوێ و بەهێزی بەدەستهێناوە و دەکرێت زیانێکی کوشندە بە ئابووری جیهان بگەیەنێت.
یەکێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵەکەی راگەیاندووە؛ لە راستیدا کۆنترۆڵی کرداریی گەرووی هورمزمان بۆ ئێران جێهێشتووە؛ ئەمەش چەکێکە کە لە هەر بۆمبێکی ئەتۆمی بەهێزتر و وێرەنکەرترە.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەش کردوە، بەدەر لەو رێککەوتننامە چوارچێوەییەی بڕیارە رۆژی هەینی بۆ کردنەوەی گەروەکە ئیمزا بکرێت، ئێران لە درێژەی ئەم ململانێیەدا سەلماندی، کە توانای بڕینی هێڵەکانی هاتوچۆی لە گەروەکەدا هەیە و ئەم سیناریۆیەش دەکرێت لە داهاتوودا دووبارە ببێتەوە.
هاوکات راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم باڵادەستییەی ئێران، پاراستنی بەشێکی زۆری جبەخانە موشەکی و درۆنەکانیەتی، لەگەڵ سەدان بەلەمی خێرا، کە هێشتا بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کەشتییە بازرگانییەکان و چاندنی مین بەکاردێن.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە، تاران پیشەسازییە سەربازییەکانی زۆر خێراتر لەو کاتەی واشنتن پێشبینی دەکرد سەرلەنوێ بنیاتی ناوەتەوە و دەستی بە بەرهەمهێنانی درۆنی نوێ کردووە؛ سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئێران درکی بەوە کردووە، کە دەتوانێت هێرشە ئاراستەکراوەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو، وەک کارتێکی گوشاری کارامە بەکاربهێنێت.


