ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی 6ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا بۆ کاروباری عیراق و سوریا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونه‌وه‌يه‌کەدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراون، هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی نوێی عیراق دووپات کردووەتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگيريى هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور کردووەتەوە.

سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عیراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیەنێت.

سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە، لە دیدارەکەدا ستايشى رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان به‌ شەڕ کراوە و هیوایان خواستووە ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.