پۆلیسی گەرمیان: شەش تۆمەتبار لەناو بازاڕی کەلار بە تاپڕ تەقەیان کردبوو دەستگیرکران
دیلان
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە شەش تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە شەوی رابردوو لەناو بازاڕی کەلار بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەیان کردبوو.
سۆران محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەناو بازاڕی کەلار شەڕ لەنێوان چەند گەنجێکدا دروستبوو، بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەیان کردبوو، دەستبەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان دەستی بە کۆکردنەوەی زانیاری کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لە درەنگانێکی شەودا توانیویانە هەر شەش تۆمەتباری سەرەکی دەستگیربکەن، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر چەکێکی جۆری تاپڕ، سێ فیشەک و ماتۆڕسکیلێکدا گیراوە کە لە کاتی شەڕەکەدا بەکارهێندرابوون.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی، ئەو شەش تۆمەتبارە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.


