قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێویستە پیاوانی ئایینی هاوکاربن لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتیدا. 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی کەنیسەی ماریووسفی کلدانی لە عەینکاوەی هەولێری کرد و لەلایەن پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا کرد وەک سەرۆکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عیراق و جیهان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە مێژووی دێرین و پڕ لە شانازی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتە ئایینییەکان کرد لە کوردستان و بە پێویستی زانی لەم قۆناغەشدا پیاوانی ئایینی هەموو پێکهاتەکان هاوکاربن لە قووڵکردنەوەی ئەو گیانی تەبایی و برایەتییەی کە  سەدان ساڵە لە کوردستاندا هەیە و هەمووان شانازی پێوەدەکەن.