لە کەلار ژنێک بە تۆمەتی دزینی نزیکەی نۆ ملیۆن دینار دەستگیرکرا
محەمەد رزگار
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
پۆلیسی گەرمیان، ژنێکی بە تۆمەتی دزینی نزیکەی نۆ ملیۆن دینار لە ماڵێکدا دەستگیرکرد و لە ماوەی دوو سەعاتدا دەستی بەسەر بەشێک لە پارە دزراوەکەدا گرت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیویانە لە ماوەی تەنها دوو سەعاتدا، ژنێک بە تۆمەتی دزینی بڕی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دینار دەستگیربکەن.
پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانی قەزای کەلار سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە ئەو بڕە پارەیەی لە ناو ماڵەکەیدا لێدزراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکە، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە دەست بەسەر پێنج ملیۆن دینار لەو پارە دزراوەکەدا بگرن، لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
پۆلیسی گەرمیان ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە، لێکۆڵینەوەی وردیش لەگەڵیدا بەردەوامە.



