پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر گەنمی زیبوو
محەمەد رزگار
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی لە قەزای شارەزور راگەیاند، کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو و دەستیش بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیرا کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزور تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو، لە ئێستاشدا دەستبەسەر گەنمە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبارەکە کە پیاوێکی لەدایکبووی ساڵی 1986ـە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.
هاوکات لەگەڵ وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان و جووتیاران دەکات کە زیاتر ئاگاداری خەرمان و بەرهەمەکانیان بن، لە کاتی بوونی هەر گومانێکیشدا دەستبەجێ پەیوەندی بە بنکەکانی پۆلیس یان هێڵە گەرمەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن.


