وەزارەتی دارایی عیراق، زیاتر لە 41 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جوتیارانی هەرێم رەوانە دەكات. 

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق  بڕی 41 ملیار و 450 ملیۆن دیناری وەك گوژمەی شەشەم خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی بەسەر جوتیاراندا، لە سبەینێوە دەستبە رێكارەكان دەكەن و تا كۆتایی ئەم هەفتەیە پارەكە دابەش دەكرێت. 

وتیشی، ئەو بڕە پارەیە بۆ هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆكە و پارێزگای هەولێر بڕی 13 ملیار و 517 ملیۆن دینار، پارێزگای سلێمانی 16 ملیار و 858 ملیۆن دینار، پارێزگای دهۆكیش 10 ملیار و 857 ملیۆن دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عیراق خەرجی كردووە، كۆی پارەی تەواوی گەنمی ساڵی رابردووی جوتیاران نییە و لە داهاتوودا نزیكەی 50 ملیار دیناری تریش بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت.