سبەینێ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە بەشداری زیاتر لە  117 هەزار خوێندكار لە بەشەكانی وێژەیی، زانستی و پیشەیی دەستپێدەكەن و هێڵەكانی ئینتەرنێتیش بۆ ماوەی سەعاتێك رادەگیرێن.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە سنوری پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە 26 هەزار و 563 خوێندكار مافی بەشداریكردنی تاقیكردنەوەكانیان هەیە.
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لەسەر بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی سەعاتێك دەبڕێن، هاوكات بەكارهێنانی مۆبایل لە خوێندكاران، سەرپەرشتیارانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە قەدەغەدەكرێت.
هاوكات پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، رێگە بە تیمەكانی راگەیاندن و فۆتۆگرافەران و راگەیاندكاران نادرێت بچنە ناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكانەوە بۆ ڕوماڵكردن.
بۆ ئەمساڵ 117 هەزار و 142 خوێندكار و 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر بەشداری پرۆسەكە دەكەن، رۆژی 8ی تەمووزیش كۆتایی بە تاقیكردنەوەكان دێت.