بەرگری شارستانی هەڵەبجە: بۆ رۆژی پێنجەم گەڕان بە دوای تەرمی 11 ساڵانەکە بەردەوامە
محەمەد رزگار
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ رۆژی پێنجەم گەڕان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا بەردەوامە کە کەوتە ناو ئاوی زەڵم.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، بۆ پێنجەم رۆژی لەسەریەک لەسەر کار و هەوڵە بەردەوامەکانیان بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 11 ساڵانەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سەرچاوەی ئاوی "زەڵم" کەوتە ناو ئاوەکەوە.
بەرگری شارستانی هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای سەختی و ئاڵۆزی سروشتی ناوچەکە و هەبوونی لێزمە و فشارێکی زۆری رەوتی ئاوەکە، بەڵام تیمەکانی مەلەوانی و رزگارکردن بەردەوامن لە گەڕان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمەکانی رزگارکردن لە سەرچاوەی زەڵمەوە و بە درێژایی رێڕەوی ئاوەکە گەڕانەکانیان چڕکردووەتەوە، بەو ئومێدەی لە زووترین کاتدا بتوانن تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە و رادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە.



