لە گەرمیان 10 بێچووە ئاسک لەلایەن چەند کەسێکەوە راوکران و پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت: یەکێک لە راوچییەکان دەستگیرکراوە و پێشتریش چەندین کەیسی جیاوازی هەبووە و داواکراو بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت کە لەلایەن چەندین دەزگای ئەمنییەوە داواکراو بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قۆرەتوو توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە پێشتر چەندین کەیسی جیاوازی تاوانکاری لەسەر تۆمارکراوە.

ئاشکرایکرد،، تۆمەتبارەکە بە مادەی (446) لە یاسای سزادانی عیراقی داواکراو بووە، هاوکات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانیشەوە کەیسی تری لەسەرە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی راوکردن و مامەڵەکردن بە ئاسک و بێچووە ئاسکەوە.

پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویستی بەرانبەر بگیرێتەبەر.