دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابوریی دێڵفی: سلێمانی ناوچەیەکی ئارامە بۆ بەڕێوەچوونی چالاکییە جیهانییەکان
محەمەد رزگار
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی، لە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان تێیدا بەشداردەبن.
سیمیۆن سۆمۆکۆس، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابوریی دێڵفی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە لە شاری سلێمانی، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئەم چالاکییە دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە سلێمانی سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی ئارامە.
سۆمۆکۆس لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمە دووەم ساڵە کۆڕبەندی دێڵفی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پلانیش هەیە بۆ بەردەوامبوونی. ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕبەندە سەرەکییەکەی مانگی نیسانی رابردوو لە یۆنان بە بەشداریی زیاتر لە سێ هەزار و 500 میوان بەڕێوەچوو، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە بەشداربووانی دیار.
دامەزرێنەری کۆڕبەندی دێڵفی جەختیکردەوە: "بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە لە سلێمانی گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە ئەمە چالاکییەکی جیهانییە و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت".
سەبارەت بە کارنامەی کۆڕبەندەکە، سۆمۆکۆس ئاماژەی بەوەکرد، "ئەجێندایەکی چڕ و گرنگمان بۆ ئەو دوو رۆژە داناوە کە پەیوەستن بە بەرەوپێشچوونی ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو بابەتانەشی کە لێرە باسیان لێوە دەکرێت، تەنها قسە نابن، بەڵکو دەبنە ئەجێندا بۆ ئەو کۆڕبەندە جیهانییانەی تر کە لە وڵاتانی تر بەڕێوەدەچن".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سیمیۆن سۆمۆکۆس سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە بەهۆی سەرپەرشتی و گرنگیدانی ئەوەوە، ئەم کۆڕبەندە بە شێوەیەکی ساڵانە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.



