داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر سێ ملیار دینارە
محەمەد رزگار
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە سێ ملیار دینارە.
ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتە لە رۆژی(30ـی5ـی2026 بۆ 5ـی6ـی2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، سێ ملیار و 677 ملیۆن و 636 هەزار دینار بووە.
ئاشکراشیکرد، لەو داهاتە لە 95%ی بەشێوەی نەختینەیە و 5%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهات کەمی کردوە.
هەر بەپێی داتاکانی شەفافیەت، داهاتی مانگی رابردوو، 32 ملیار و 401 ملیۆن دینار بووە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.



