قوباد تاڵەبانی: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت
ئوسامە ئەبوبەکر عەلی
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.
لە هەر دوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (25/5/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوون، باس لە دۆخی سیاسیی هەرێم و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا.
لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکان و وەستانی دانووستانەکان، رایگەیاند پێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستوویە بدۆزرێتەوە و هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە، چوونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە دەمێکەیە وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژمانە و دەبێت وەک کورد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزترمان هەبێت. جەختیشی کردەوە دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە بەغدا دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە جیاوازەکان، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بەو پێشکەوتنانەی لە دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، هیوای خواست دانووستانەکان بە ئەنجامێکی باش بگات و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.



