لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنن، لە کۆگایەکدا دەستیان بەسەر بڕی 500 کیلۆگرام ماسی بەستووی هاوردەی وڵاتی ڤێتنامدا گرتووە کە بەکارهێنانی بۆ خواردن قەدەغەیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەو جۆرە ماسییەی دەستی بەسەردا گیراوە براندەکەی بە "رەحمە" ناسراوە، لە کاتێکدا بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هاوردەکردن و فرۆشتنی هەر جۆرە ماسییەکی ڤێتنامی بەهۆی پیسبوونی بە کانزای زیانبەخش بە تەواوی قەدەغەیە.

دەروێش فەرەج، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکان هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و دەڵێت: "پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن و لەپێناو پاراستنی تەندروستییان، بە هیچ جۆرێک ماسی بەستووی ڤێتنامی نەکڕن."

هەروەها جەختیشی کردەوە، هەر مارکێت یان کۆگایەک ئەو جۆرە ماسییە بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و سەرجەم ماسییەکەش دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێت.