گەنجێک بە تۆمەتی ساختەکردنی هەژماری سۆشیاڵ میدیا و هەراسانکردنی ژنان دەستگیرکرا، پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت؛ تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک، توانرا تۆمەتبارێک بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیر بکرێت.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی رانیەی کردووە، سکاڵایەکی تۆمار کردووە لە دژی کەسێک کە زیاتر لە دوو ساڵە وێنەکانی ئەوی لە ئینستگرام دزیوە و لە هەژمارێکی سناپچاتدا بەناوی ئەوەوە دروستی کردووە.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، هێزەکانیان تۆمەتبارێکیان بە ناوی (پ.هـ.ح) تەمەن 22 ساڵ دەستگیرکردووە. تۆمەتبار لەبەردەم پۆلیس و دادگادا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە لەڕێگەی ئەو هەژمارە ساختەیەوە چاتی لەگەڵ چەندین ژنان کردووە و هەراسانی کردوون.

لە ئێستادا، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.