نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیى دۆستانه‌ى هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێکرا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/19 لە چوارچێوەی سەردانە رەسمییەکەیدا بۆ رۆما، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیى دۆستانه‌ى هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێکرا و هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە و نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عیراقی بۆ پشتيگريى بەردەوامی ئیتاڵیا دووپات کردەوە، بەتایبەتى لەڕووى سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوکاریی سەربازیی ئیتاڵیاى لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق به‌رز نرخاند.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، سه‌رۆك کۆماری ئیتاڵتا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ دەربڕی و جەختی لە پابەنديی وڵاتەکەی بۆ پشتگيرى له‌ ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عیراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى ئيتاڵياى بۆ هەرێمی کوردستان وه‌ك پارێزەر و لانکەی پێكه‌وه‌ژيان و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، دووپات كرده‌وه‌، جگە لەمەش تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەكانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى.