پێچوانەی هەڵوێستی پێشویان، پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بایكۆتی عیراقی نەكردووە و بەشداری لە حكومەتی داهاتوو دەكات.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی لە عیراق نەكشاوەتەوە و تەنیا نوێنەرەكانیان لە عیراق بانگهێشت كردووەتەوە بۆ راوێژكردن و هەڵسەنگاندنی رەوشەكە.

رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، ئەشواق جاف ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند، بایكۆتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیان كردووە.

لە ئێستاشدا نێچیرڤان بارزانی جێگری یەكەمی پارتی لە بەغدادە بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و دابەشكردنی پۆستەكان.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە و لێپرسراوانی باڵای عێراق لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ئەنجام دەدات و دوو رۆژ دەمێنێتەوە.