پۆلیسی سلێمانی: باندێكی دزینی ماتۆڕسكیل دەستگیرکران
محەمەد رزگار
٢ی ئایاری ٢٠٢٦
باندێکی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ چەندین تاوانی هاوشێوەیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییان باندێكی دزی ماتۆڕسكیلیان دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتیەك لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمارکرد کە ماتۆڕسكیلەكەی لەبەردەم ماڵەکەی لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ روداوەکە وەرگیراو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەکانی پۆلیس دەستیپێکرد.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست، توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن، لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتباران لەشێوەی بانددا تاوانی دزیکردنیان ئەنجامداوەو لەكاتی دەستگیركردنیاندا دەستگیرا بەسەر ماتۆڕەدزراوەكە و سێ ماتۆڕسکیلی تردا.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباران 'پ، د یـ' لەدایکبووی 2001 – 'م، د، ع 'لەدایکبووی 2000) دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.



