بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی 1ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکارانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەین، بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە دەستە ماندووەکانیان دەڕوانین کە بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدانی نیشتمانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکاران تەنها هێزی کار نین، بەڵکو سامانێکی نیشتمانیی گەورە و بێوێنەن، بەبێ کۆشش و عارەقی ناوچەوانی ئەوان هیچ وڵاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت، بۆیە کاری لەپێشینەمان دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی شکۆ و مافە یاساییەکانیانە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین و پابەندین بە هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی کاری تەندروست و سەردەمیانە، کە تێیدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی فەراهەم بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.