سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، سبەینێ دەستدەکەن بە قیرتاوکردنی شەقامی نێوان گوندی ئەڵمانی بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، پاڵپشت بە فەرمان و راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران هەڵمەتی چاکسازییکردن لە شەقامەکانی شاری سلێمانی خێراترکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەنەوە، کە سبەی رۆژی هەینی رێکەوتی 1ـی ئایاری 2026، لە لایەن تیمەکانیان لە بەشی پڕۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی، دەستدەکرێت بە کاری قیرتاوکردن لە مەودای نێوان گوندی ئەڵمانی بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەعات هەشتی شەوی سبەینێوە شەقامەکە  بەمەبەستی رەشکردنەوە بەتەواوی بەربەست دەکرێت، پاککردنەوەی شەقامەکە و ئامادەسازی بۆ کاری قیرتاوکردنیشی بۆ دەکرێت، تا بە زووترین کات شەقامەکە ئامادەبکرێتەوە بۆ هاتوچۆکردن.
هاوکات شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە شۆفێرانی سلێمانی بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستبوونی جەنجاڵی، رێگاکانی دەوروبەر وەک جێگرەوە بەکاربهێنن تا ئەو کاتەی تیمەکانیان کارەکانیان کۆتایی پێدەهێنن.