قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ لە بەغداد هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم دەدات
ساکۆ سمکۆ
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەند کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە لێپرسراوی نوێی مەڵبەند و هەردوو جێگرەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکەیاندا.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بە رەوشی ئێستای یەکێتی کرد کە هێزێکی کاریگەرە لەسەر ئاستەکانی هەرێم و عیراق و ناوچەکەدا و هەموو لایەنەکان حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی دەکەن لەسەر پرسە جیاوازەکان. وتیشی، یەکێتیی ئێستا نەک پەراوێز ناخرێت، بەڵکو لەبارەی پرسە گرنگەکانی عیراق و ناوچەکەدا بۆچوون و سیاسەتی خۆی هەیە و لایەنەکان پرس و راوێژی پێ دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ لە بەغداد هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم دەدات و لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە داڕشتنەوەی سیاسەتی عێراق.
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داوای لە ئەندامانی مەڵبەند کرد شێوازی کارکردنی خۆیان لەگەڵ رەوشی نوێی یەکێتیدا بگونجێنن و هەوڵ بدەن زۆر زیاتر لە جاران لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا پەیوەندییان هەبێت و بۆچوونی خەڵک وەربگرن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک بدەن.



