سەرۆک کۆماری لوبنان: وڵاتەکەمان لەبەردەم رەوشێکی نوێدایە و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت
ساکۆ
١٧ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆک کۆماری دەڵێت، گفتوگۆ راستەوخۆکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەستیار و چارەنووسسازن، راگرتنی شەڕیش دەروازەیەکە بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانیان
جۆزێف عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان رایگەیاند، هەڵوێستی رەسمیی دەوڵەت جێگیرکردنی ئاگربەست و زامنکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە باشوری وڵاتەکەیان.
وتیشی، لەم سەعاتانەی دواییدا پلانەکان بەو ئاڕاستەیەن، سوپای لوبنان تا سەر سنورە نێودەوڵەتییەکانی باشور بڵاوەی پێبکرێت، هەموو جۆرە دەرکەوتەیەکی چەکداریش لەو ناوچانە کۆتایی پێ بهێنرێت.
دڵنیاییشی دایە دانیشتووانی باشوری لوبنان، دوای گەڕانەوەیان بۆ گوند و ماڵەکانیان، سوپا دەیانپارێزێت و هیچ هێزێکی چەکدار جگە لە سوپا و هێزە ئەمنییە رەسمییەکانی وڵات لە ناوچەکەدا نابینرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لوبنان لەبەردەم رەوشێکی نوێ و هەستیاردایە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدرێت.


