سەرۆک کۆماری عیراق: بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە پارێزگای سلێمانی و لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازی لێکرا.
سەرۆک کۆمار هەر لەگەڵ گەیشتنی، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و تاجی گوڵینەی لەسەر مەزاری کۆچکردوو دانا.
نزار ئامێدی لە دەفتەری یادگارییەکانی مەزارەکەدا نووسیویەتی: "عیراق و کوردستان سەرباری هەموو ئاڵەنگارییەکانی ناوچەکە، هەر بە باشی دەمێننەوە." هەروەها نوسیویەتی، سور دەبێت لەسەر بەردەوامبوون لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال و کارکردن بۆ خزمەتکردنی تەواوی گەلی عیراق.


