مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 46 هەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: كوردانیی فەیلی كە لەگشت قۆناغەکانی شۆرش و خەباتی نەتەوەیی کورد و لە هەموو پرسە دیموکراتییەکانی عیراقدا رۆڵێكی گەورە و كارایان بینیووە و نمونەی دڵسۆزیی و جوامێریی بوون.

دەقی پەیامەکە

پەیامی مەکتەبی سیاسیی لە چلو شەشەمین ساڵرۆژی  جینۆسایدی كوردانی فەیلیدا 

ئەمڕۆ  یادێكی  تری خەمناكی گەلەکەمان  دەكەینەوە  كە كۆی  تاوانێكی مێژووییە و  بە قۆناغی جیاجیا  بەرامبەر بە  بەشێكی رەسەنی  گەلەكەمان (خوشک و بریانی فەیلی) ئەنجام دراوەو رۆژی ٤-٤-١٩٨٠ یش لە بەسەرهاتی گەورەی تەسفیرکردن  و بێبەشکردن لە ناسنامە و دەرکردن بۆ ئەو دیو سنوور،  گەیشتە ترۆپکی  جینۆساید

كوردانیی فەیلی كە لەگشت قۆناغەکانی شۆرش و خەباتی نەتەوەیی کورد و لە هەموو پرسە دیموکراتییەکانی عیراقدا رۆڵێكی   گەورە و كارایان  بینیووە و نمونەی  دڵسۆزیی  و جوامێریی  بوون، بەم تاوانە لە سەر زەمینی وڵاتی  خۆیان هەڵکەنران و لە هەموو مافەکانی هاووڵاتی بوون و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و سەروەت و سامانی حەڵاڵی خۆیان بێبەش کران.    

ئەم  پێكهاتە رەسەنەی گەلەكەمان  کە دەیان سەرکردە و سەدان تێکۆشەریان پێشکەشی کاروانی  کوردایەتی و دیموکراتی کردووە،   لەسەردەمی  رژێمی بەعسدا  هەم لەبەر كوردبونیان  و هەم  لە بەر ئینتمای مەزهەبی  شیعەیان  ، نەك هەر مافیان   زەوتكرا و تەسفیرکران،  بەڵکو بەشيَكی بەرچاویان كۆمەڵكوژكران 

ئەگەرچی  لە دوای روخانی رژێمی بەعس ، دادگای  باڵای  تاوانەكان كەیسی فەیلییەكانی  بە جینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا  بۆ سرینەوی یەكجارەكی ئاسەواری ئەم تاوانە، زۆر هەنگاوی کرداری  ماوە کە پێویستە حکومەتی عیراق بۆ پێدانەوەی ناسنامە و قەرەبووکردنەوەی شایانی  ماددی و مەعنەوی فەیلییەکان بیگرێتە بەر .

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پێداگرە لەسەر وەدیهێنانی ئەو مافانە و خەباتی سیاسیی بێ وچانی بۆ دەکات تا دادپەروەری راگوزەر و مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتی و هاونیشتمانیی لە عیراقی فیدراڵدا  خوشک و برایانی فەیلیش بگرێتەوە و ئەو زوڵمە مێژووییە زۆر خایەنەیان لەسەر هەڵبگیرێت.

سڵاو لە رۆحی پاکی قوربانیانی  جینۆسایدی فەیلی و گیانی شەهیدانی فەیلی لە ریزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و رەوتی دیموکراسی وڵات  ئاسودە و ئارام بێت.

 

 مەکتەبی سیاسی  

 یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان

٤-٤-٢٠٢٦