ناتانیاهۆ: پایەکانی رژێمی ئێران داڕماون و هەماهەنگیی مێژووییمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە
محەمەد رزگار
٣١ی ئازاری ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی هەڕەشە موشەکییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رەوشی رژێمی ئێران بە داڕماو وەسف دەکات و جەخت لەسەر بەردەوامیی گورزە سەربازییەکان دەکاتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی دژ بە ئێران رایگەیاند، هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر تواناکانی ئێران بەردەوامن.
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، موشەکەکانی ئێران چیتر هەڕەشەی جددی نین بۆ سەر ئیسرائیل، چونکە بەشێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، پایەکانی رژێمی ئێران داڕماون و لە ئێستادا تاران لە هەموو کاتێک لاوازترە.
ناتانیاهۆ ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە جەنگێکی مێژووییدایە و بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ سوپای ئەمریکا، گورزی کوشندە لە ئێران دەوەشێنن.


