بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە جیاوازەکان، وەزارەتی پێشمەرگەش دەلێت، دەبێت سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری چەمچەماڵ.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لەلایەن گروپە تیرۆرستییەکانەوە ئەنجامدراوە و بە توندی ئیدانەی هێرشەکان دەکەن کە ئامانج لێیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەکەن سنور بۆ ئەو هێرشە بێ پاساوانە دابنێت.