تاران پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو شەڕە دەبینێت کە رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی و گەشتیاری لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، ئەنجامێکی راستەوخۆی ئەو شەڕەیە کە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێندراوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە، پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەمینداری گشتی، بە توندی و بە روونی ئیدانەی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی ئێران بکەن.

عراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان، لێپرسینەوە لەو لایەنانە بکات کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئێران.