سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: چاوەڕوان دەکەین جەنگی ئێران بەمزوانە کۆتایی بێت و زۆربەی ئامانجەکانیان لە ئێران پێکاوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (CBS)، چەند زانیارییەکی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی ململانێ سەربازییەکانی وڵاتەکەی و ئێران ئاشکراکرد.

ترەمپ رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەوەی پێشتر پلانی بۆ داڕژابوو بەڕێوەدەچێت و وتی: "ئەم جەنگە بە رێژەیەکی زۆر کۆتاییپێهاتووە  و ئامانجەکان خەریکن دەپێکرێن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە قۆناغی دوای "خامنەیی" کرد و رایگەیاند، لە ئێستاوە بیر لە دیاریکردنی کەسایەتییەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی شوێنی رێبەری باڵای ئێران بگرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بیر لەوەدەکاتەوە، دەستبەسەر گەرووی هورمزدا بگرێت.

ترەمپ ئاشکراشیکرد، ئێران هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و سیستەمی پەیوەندیی نەماوە، هەروەها باشترە لێپرسراوانی ئێران هیچ كارێكی پێشێلكاری نەكەن ئەگەر نا ئەوە دەبێتە كۆتایی ئەو وڵاتە.