رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی شارەکە کرد ئەم یادە بکەنە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان.

پارێزگاری کەرکووک داوای لە خوێندکارانی (کورد، عەرەب، تورکمان، و کلدوئاشووری) کرد، سبەینێ بە پۆشینی جلی رەسەنی نەتەوەیی خۆیان، وێنەیەکی جوان لە برایەتی و ئاشتی لە کەرکوک نیشانی جیهان بدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رۆژە تەنها یادێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو رۆژی پتەوکردنی گیانی تەباییە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، رێبوار تەها رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی کەرکوک ئەنجامداوە، تێیدا دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستە کردن بۆ ئەو هەماهەنگییە بەردەوامەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکەدا هەیانە بۆ سەرخستنی چالاکییە کلتوورییەکان.