وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند، ناوچەکەمان بە دۆخێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر روماڵی روداوەکان بکەن.

وەزارەتی رۆشنبیری وەزارەتی رۆشنبیری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگە و لە داهاتووشدا بەشێک نابێت لێی و بە تەواوی سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆی دەپارێزێت.

هەر لە بڵاوکراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر روماڵی روداوەکان بکەن بەجۆرێک پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی سەروماڵی هاووڵاتییان کاری لەپێشینەوی کەناڵەکان بێت و لەکاتی روماڵی راستەوخۆی روداوەکاندا نەبنە هۆی دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتییان و دوربن لە بڵاوکردنەوەی گواستنەوەی راستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن و موشەک و شوێنی زیانپێکەوتووان.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەمکاتەدا ئەم هەڵسوکەوتە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێکی میدیاییەوە بکرێت، دوورە لە یاسا و لۆجیک و پێچەوانەی مادەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لە (لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان). بۆیە وەزارەتمان ئەرکی خۆیەتی کە رێکاری یاسایی توند بەرانبەر بە سەرپێچیکارانی یاسا و رێنماییەکان بگرێتەبەر.