بافڵ جەلال تاڵەبانی: سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ بەمەبەستی پاراستنی کوردستان
٨ی ئازاری ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە.
دەقی پەیامەکە...
هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان چەند شەوێکی ناخۆشی بەڕێکرد، سوپاستان دەکەین بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتنتان لە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت لە خەڵکە ئازا و خۆشەویستەکەمان.
ئێمە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ، لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و تورکیا قسەمان کردووە بەمەبەستی پاراستنی کوردستان لەم بارودۆخە.
لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە.
ئێمە ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغدادین کە هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بنێت، من دەزانم هاوڕێکانمان لە بەغداد هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
عێراق وڵاتێکی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەکی تایبەتە، دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەکانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



