قوباد تاڵەبانی: ئامادەین ببین بە بەشێک لە چارەسەر و لایەنگری ئاشتین
٨ی ئازاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتی کرد و لەگەڵ سەرکەوت زەکی سەرپەرشتیاری مەڵبەند و ژمارەیەک لە جێگران و کارگێڕان و کادیرانی مەڵبەندی سلێمانی کۆبووەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و تەواوی ستافی مەڵبەند کرد کە توانیویانە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕێنن و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە دروست بکەن، وتیشی نابێت لە هیچ رەوشێکدا لە کارکردن سارد ببنەوە، بەڵکو دەبێت رۆژ لە دوای رۆژ گڕوتینی زیاترتان هەبێت بۆ کارکردن و پێشخستنی زیاتری یەکێتی.
سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەکەش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئیمە نابین بە بەشێک لەم جەنگە و لایەنگری ناکەین، بەڵام ئامادەین ببین بە بەشێک لە چارەسەر و لایەنگری ئاشتین. ئاماژەی بە وتەکانی سەرۆکی یەکێتی کرد لە کەناڵی فۆکس نیوز کە زۆر راشکاوانە لەسەر ئەم رەوشە قسەی کرد و سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە.
سەرپەرشتیاری سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتییشەوە رایگەیاند، دەمانەوێت هەیکەلی حزبەکەمان لەگەڵ چاوەروانییەکانی جەماوەر بگونجێنین، هەر بۆیە ئەم رەوشە کاریگەری نابێت لەسەر چاکسازی و گۆرانکارییەکانی ناو یەکێتی، گۆڕانکارییەکانیش تەنیا گۆڕینی بەرپرس نین، بەڵکو گۆڕینی ئەرک و شێوازی کارکردنە، بۆ ئەوەی هەر هەڤاڵێک لەهەر پلە و پۆستێکدابێت دەبێت زۆرترین خزمەت بکات و بە باشترین شێوە سیاسەتی یەکێتی بباتە ناو خەڵکەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، مەڵبەندی سلێمانی مەڵبەندی دایکە و گرنگی خۆی هەیە، بەرنامەمان هەیە بۆ پیشخستنی سلێمانی لە هەموو بوارەکاندا، سلێمانی شارێکی دەوڵەمەندە بە کلتوور و دەمانەوێت لەمەودا گرنگی زیاتر بە بواری کلتوور و رۆشنبیری و کار و چالاکیی گەنجان بدەین.



