وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ ئامانجیانە هەموو سکۆ موشەکییەکانی ئێران تێکبشکێنن و لە ئێستاشدا هیچ نیازێکیان بۆ گفتوگۆ نییە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا عەرەب و ئەوروپییەکانی، ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە جەنگی ئێران ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان تا تێکشکاندنی تەواوی تواناکانی تاران بەردەوام دەبن.

روبیۆ رایگەیاند، ئامانجیانە هەموو ئەو شوێنانە تێکبشکێنن کە موشەکی لێوە ئاراستە دەکرێت، هەروەها کۆگا ستراتیژییەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و درۆن لەناوبەرن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە کە رەنگە ئەم جەنگە "چەند هەفتەیەکی تر" بەردەوام بێت تا گەیشتن بە ئامانجەکان.

رووبیۆ تیشکی خستووەتەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران و ئاماژەی بەوە کردووە،بە رەسمی ئەمریکا داوای "گۆڕینی رژێم" ناکات، بەڵام دەیەوێت "سەرکردایەتییەکی جیاواز" لە داهاتوودا حوکمی ئێران بکات.

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا هیچ نیازێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاراندا نییە، چونکە بە هەر جۆرە دانوستانێک لەم قۆناغەدا، زیان بە ئامانجە سەربازییەکانمان دەگەیەنێت."