قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی 35 ساڵەی راپەڕینەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات و هۆشداری دەدات لەو دۆخە سەختەی بەهۆی جەنگەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.

دەقی پەیامەکە:

یادی ٣٥ ساڵەی راپەڕینە مەزن و شکۆدارەکەی گەلەکەمان لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبێت.

ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتی راپەڕین و گەورەترین دەستکەوتی کورد بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە لە دۆخی سەخت و ناخۆشدایە.

هەربۆیە ئەرکی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و یەک بە یەکمانە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان ئەم دەستکەوتە بپارێزین.

جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان کە ئاشتی و گفتوگۆ تەنها رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هیوادارین لایەنەکانی ئەم جەنگە هەرچی زووتر بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دانووستان.