بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35 ساڵەی راپەڕینەوە، پەیامێکی یەکڕیزی بڵاودەکاتەوە و جەخت لە دوورخستنەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی 35 ساڵەی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان، پیرۆزبایی گەرم لە یەک بە یەکی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەم. بە وەفادارییەوە لەبەردەم کێلی تێکۆشەرەکانمان سەری رێز دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەم هەمیشە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوامبم بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک و خاکەکەمان.

راپەڕین کە لە رانیەی خۆشەویستەوە بڵێسەیدا، سەرەتای وەرچەرخان و سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلەکەمان کە یەکێتی شانازی خاوەندارێتی ئەم دەستکەوتە مێژووییەی پێبڕاوە.

ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەندازیاری راپەڕینین، بە شانازییەوە یادی هەموو ئەو قارەمانانەمان دەکەینەوە کە شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند و بۆ ساتێکیش شۆڕشیان جێنەهێشت.

لەم رۆژەدا بەرپرسیارێتی هەموومانە بە پێکەوەیی و رۆحیەتی نیشتمانیی دوور لە دروشم هەنگاو بنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و یەک دەنگی و یەک گوتاری گەلەکەمان بنیادبنێینەوە و حکومەتێک دروستبکەین کە خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاست داخوازیی و پێویستییەکاندا بێت کە دڵنیام ئەمە باشترین وەفایە بۆ خەڵکەکەمان و ئەو قارەمانانەی راپەڕینیان کرد.

لەم دۆخە هەستیار و ناسەقامگیرەی ناوچەکەمانی پێداتێپەڕدەبێت هەموو هەوڵمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی ململانێکانە لە خاکەکەمان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەکەمان، سەربەرزی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان