قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەندێک رێوشوێنی پێویست درا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (4/3/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە ئەنجومەنە کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی جێبەجێ کردووە و وتیشی چاوەڕوانی کار و خزمەتی زیاتریان لێ دەکرێت.

جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە جەنگ و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت ئەم دۆخە نەخوازراوە ساردمان بکاتەوە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بە تایبەتیش جەختیکردەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بدرێت کاروباری پڕۆژەکان پەکی بکەوێت و پێویستە هەموو جۆرە هاوکارییەک و کارئاسانییەک پێشکەش بە وەبەرهێنەران بکرێت.

هەروەها داوایکرد کەرتی تەندروستی بە زووترین کات ئامادەکاری تەواو بکات بۆ هەموو حاڵەتێکی نەخوازراو و بڕیاریش درا لە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان ڕێوشوێنی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لەکاتی راییکردنی کاروباری هاوڵاتییان رێگە بە دروستبوونی قەرەباڵغی نەدرێت.