سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوت: راگرتنی نەوتی هەرێم کاتییە و پەیوەندی بە هێرشی درۆنییەوە هەیە
٣ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، پرۆسەی راگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنها رێکارێکی کاتییە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ محەمەد عەبدولڕەحمان ئاشکرایکرد، لە ئێستادا سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە و پرۆسەی هەناردەکردن بە تەواوی راگیراوە.
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەش جەختیکردەوە، ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە نییە، بەڵکو تەنها وەک رێکارێکی خۆپارێزییە لە ترسی هێرشی درۆنی، تاوەکو کێڵگە نەوتییەکان نەکرێنە ئامانج و زیانیان پێنەگات.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، بڕیار وایە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هاوکات بێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە رەوشێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و وەزارەتی نەوتی عیراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم رێکارانەوە پارێزگاری لە ژێرخانی وزەی وڵات بکات.



