بە مەبەستی رێکخستنەوەی سیستەمی وەرگرتن لە زانکۆکان، بڕیاری ئارەزوومەندانە بۆ هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی لە قۆناغی 12ـی ئامادەیی هەڵوەشایەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بڕیاری ئارەزوومەندانەی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی بۆ خوێندکارانی قۆناغی 12ی ئامادەیی هەڵوەشاوەتەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی نوسراوێکی رەسمی کە ئیمزای وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە، لە ساڵی خوێندنی (2025-2026) و ساڵانی دواتر، نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەکانی تر ئەژمار دەکرێن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو،  ئەم بڕیارە پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆنمرەی خوێندکاران لەسەر بنەمای هەر حەوت وانەکە دەبێت.

هەروەها داوا لە وەزارەتی پەروەردە کراوە سەرجەم خوێندنگەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) و ساڵانی دواتر ئامادەکاری بکەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێم.

ئەم هەنگاوە کۆتایی بەو سیستمە دەهێنێت کە پێشتر رێگەی بە خوێندکاران دەدا بە ئارەزووی خۆیان نمرەی وانە زمانەوانییەکان بۆ کۆنمرەی کۆتایی ئەژمار بکەن یان نا.