سەرۆک کۆمار لەگەڵ شازادەی جێنشینی کوەیت و سەرۆکی کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا بە تەلەفۆن پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەش کردەوە.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ، لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا، لەگەڵ شێخ سەباح خالید ئەحمەد سەباح، جێنشینی دەوڵەتی کوەیت و محەمەد ولد شێخ غەزوانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا دوایین پێشهاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی و ئاڵەنگارییەکانی  ئێستایان تاوتوێ کرد کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکاندا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی هاوبەش سەبارەت بە پێشهاتی سیاسی و ئەمنیی و گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی کرا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە کە سەروەری دەوڵەتان و بەرژەوەندی گەلەکانیان بپارێزێت.

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر مەسەلەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییەکان بۆ هاریکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش رەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندیی برایەتیی عیراقە لەگەڵ  هەردوو دەوڵەتی کوەیت و کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا.

هیواشیان خواست راوێژ و هەماهەنگی لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.