حکومەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا گەیشتە رێککەوتن بۆ پێدانی ڤیزای ترانزێت بەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ رایاگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و پەککەوتنی گەشتەکان، حکومەت وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی بۆ هاوکاری هاونیشتمانیان راسپاردووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، رەزامەندی تورکیا وەرگیراوە بۆ پێدانی ڤیزای ترانزێتی پێنج رۆژە تا هاونیشتمانیان لە هەر شوێنێکی تربن بتوانن بگەڕێنەوە هەرێم.
ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاونیشتمانیان و کارئاسانی گەڕانەوەیانە لە کاتی قەیرانەکاندا.
بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانیە تکایە ئەو ڕێکارانەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:-
* سەرەتا فۆڕمی ئۆنلاین پڕبکەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنت، لە کاتی بوونی هەرپرسیارێک پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانەوە بکە کە ئاماژەیان پێدراوە:
https://forms.gle/E3zcfaVPFzc1VKbx9
هێڵە گەرمەکان:
+9647508035680
+9647508035681
پلاتفۆرمەکانی (وەتسئاپ، ڤایبەر و تێلیگرام) لەسەر هێڵەکان بەردەستن.
* دوای ئاگادارکردنەوەت لە لایەن هێڵە گەرمەکانەوە سەردانی نزیکترین نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، بەڕێزتان ڤیزەی ترانزێتی (٥) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی ووشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
* بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانیە، پێویستە ئەو تیکتەی کە پێی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکیەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
هاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:
* دڵنیا ببەوە لەوەی کە تیکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تیکتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
* دڵنیاببەوە لە ڕەچاوکردنی ماوەی پێویست لە نێوان بڕینی تیکت و وەرگرتنی ڤیزە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (٥) ڕۆژە.
* پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
* ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە. چونکە ئەو کارئاسانیە تەنها بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقیە.
بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو کارئاسانییە کاتیە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمە تایبەتەکانەوە کارئاسانی تەواوتان بۆ دەکات.
ئەو هاوڵاتیانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین