بەهۆی ئاڵۆزیی رەوشی ناوچەکە و وەستانی گەشتەکان، زیاتر لە 200 عومرەکار بە سەلامەتی و لە رێگەی وشکانییەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو 200 عومرەکارەی لە فڕۆکەخانەی مەدینە گیریان خواردبوو، بە سەلامەتی لە رێگەی وشکانییەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووە تا کێشەی ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر کرا.

وتیشی، ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بۆ گەڕانەوەی عومرەکارانی تر رێگەی وشکانی بەکاردەهێنن.

لە کۆتاییدا وتەبێژی حەج و عومرە داوای لە هاووڵاتیان کرد تا ئاساییبوونەوەی رەوشەکە و گەشتە ئاسمانییەکان، سەفەرەکانیان بۆ عومرە دوا بخەن.