رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی یەکەمین کتێبی دەنگیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی بەڕێوەچوو
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦
بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان لەسلێمانی کەشێکی پڕ لەوەفاداری و سوپاسگوزاری بۆ مێژوویەک لەخەبات و دڵسۆزی و خزمەتەکانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-ی لەئامێزگرت و دیارییەکی بەهاداری پێشکەش کرد.
لەو رێورەسمەدا کتێبی دەنگیی (بەکورتی…نوسینی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بڵاوکرایەوە کە لە حەوت تراکی دەنگی پێکهاتوە و یەکەم بەرهەمی دەنگی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانە بەهاوکاری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە.
باسکردنی رۆڵی مێژوویی دادە هێرۆ لەسەردەمی خەباتی شاخ و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی پێشمەرگە و شۆڕش، دوای راپەڕینیش وەک سیاسەتمەدار و نوسەرێکی بوێر و دامەزرێنەری چەندین ناوەندی گرنگی میدیایی، بەشێکی تری ئەو رێورەسمە بوو کە تێیدا مەریوان مەسعود بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەنگییەی بەهەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد لەپێناو پاراستنی میراتی ئەدەبی و ئەرشیڤکردنی نووسینەکاندا.
دواتر یەکەمین کۆپی کتێبە دەنگییەکە پێشکەشی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرا.
کتێبی دەنگیی (بەکورتی… نوسینی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) سەرەتا لەڕێگەی فڵاش میمۆری، دواتر لەکەناڵی یوتیوبی ڕادیۆکە، و لەقۆناغی سێیەمیشدا بە شێوەی زنجیرە و ئەڵقەی دەنگی لە شەپۆلەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە پەخش دەکرێت.



