وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، کە کەرتی پەلەوەری یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە بەکارهێنانی ڤاکسین و دەرمانی نایاسایی و فاکسینی قەدەغەکراو، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئەم کەرتە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ لەژێر چاودێرییەکی ورددایە و داوا لە دەزگاکانی راگەیاندنیش دەکات بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە،  ئەو دەنگۆیانە لەسەر مریشکی خۆماڵی بڵاوکراونەتەوە بوونەتە هۆی دروستبوونی دڵەراوکێ لای هاووڵاتییان لە کاتی بەکارهێنانی گۆشتی مریشکدا.

 بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە بەپێی رێنمایییەکانی ساڵی 2022، هەر جۆرە مامەڵەکردن و هاوردەکردنی دەرمان و ڤاکسینێک دەبێت تەنها لەژێر چاودێری و مۆڵەتی رەسمیدا بێت.

هەروەها ئاگاداری سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان، کۆمپانیاکان و کۆگاکان دەکاتەوە، کە پابەندبن بە لیستی دەرمانە رێگەپێدراوەکان، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە.

لە راگەیەنداروەکەدا ئەوەش هاتووە، کە لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ قایمقامیەت و سەندیکا و لایەنە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ چڕکردنەوەی بەدواداچوونەکان و دەستبەسەرداگرتنی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو.

هۆشداریش دەدات، کە هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت مامەڵە بەم دەرمانانەوە بکات، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، کە بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ لەژێر چاودێرییەکی ورددایە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.