ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق  پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کرد و رەوشی گشتی وڵات و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.

لەو کۆبونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی گەڵاڵەکردنی لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانییەکاندا کرایەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بە جۆرێک کە خواستەکانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.

هەروەها باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازی.

تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە،  تایبەت بوو بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەنگدانەوەیان لەسەر کاروباری عیراق؛ تێیدا جەخت کرایەوە، کە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی گەلەکەمان دەبنەوە، پێویستییان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا.

هەروەها جەخت لە پاڵپشتیکردنی رێکار و هەنگاوەکانی حکومەت کرایەوە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی میحوەری عیراق لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیدا.