عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیارێکی گرنگ لە بەرژەوەندی ئەو خوێندکارانە دەرکراوە، کە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن. 

بەپێی بڕیارەکە، خوێندکاران دەتوانن لە رێکەوتی 10ـی 3ـی 2026 تاوەکو 28ـی 3ـی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، و ئەم ماوەیە کە 18 رۆژ دەخایەنێت، بە "ماوەی مانەوە" (إقامة) بۆیان هەژمار دەکرێت و لە کاتی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان تووشی هیچ کێشەیەکی یاسایی نابن.

ئاماژەی بەوەشکردوە،  ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە رەخساندنی دەرفەتە بۆ خوێندکاران تاوەکو لە جەژنی نەورۆز، جەژنی رەمەزانی پیرۆز و بۆنە نیشتمانییەکاندا لەگەڵ خێزانەکانیان بن و بەشداریی ئاهەنگەکان بکەن.